بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو دەکەوێتە کار و ئاو دەگاتە ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە توانای دابینکردنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا و بە تەواوبوونی، کێشەی کەمئاوی لە پایتەختدا چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 11ـی تەمووز، ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "دیجیتاڵمیدیای کوردستان تیڤی" ڕاگەیاند: "هێڵی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بووە و لە ئێستادا تێستی هەوا و خاوێنکردنەوەی بۆ دەکرێت."
سەبارەت بە وادەی کارپێکردنی پڕۆژەکە، ڕابەر حوسێن گوتی: " بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە لە ڕێگەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر، ئاو بگەیەنرێتە ماڵان."
بە گوتەی ڕابەر حوسێن، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە دەرەوەی بازنەی شەقامی 120 مەتری، گەڕەکەکانی بنەسڵاوە، دارەتوو، هەشتی حەسارۆک، قەتەوی و بە گشتی تەواوی سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج و شەش دەگرێتەوە و لە داهاتووشدا فراوانتر دەکرێت بۆ ئەوەی شارەوانییەکانی دیکەش بگرێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە بە تەنیا توانای دابینکردنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە و گوتیشی: "بە پاڵپشتیی ئاوی پڕۆژەکانی ئیفرازیش، 20 هەزار مەتر سێجای دیکەی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر دابین دەکرێت."
ناوبراو زیاتر ڕوونی کردەوە: "بە دابینکردنی 40 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا، پێشبینی دەکەین کێشەی کەمئاوی لە هەولێر بە تەواوەتی چارەسەر بێت."
لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند: "دوای گەیاندنی ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاری، سەرجەم بیرەکان دادەخرێن و تەنیا لە کاتی پێویستی و دروستبوونی کێشەی لەناکاو لە پڕۆژەکەدا بەکار دەهێنرێنەوە". جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی ئاوی ژێرزەویدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.