Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 19:58

ئۆپیك: بەلایەنی كەم تا ساڵی 2050 كڕین و فرۆشتنی نەوت لە جیهان بەردەوام دەبێت

کوردستان TV
100%

رێكخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپیك) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەلایەنی كەم تا ساڵی 2050 كڕین و فرۆشتنی نەوت لە جیهان بەردەوام دەبێت و هەروەها بەردەوامیش روو لە بەرزبوونەوەی دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە بەردەوام رێكخراوە جیهانییەكانی پاراستنی ژینگە داوا دەكەن رێژەی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وەزەی پیس لە جیهاندا كەم بكرێتەوە.

رێكخراوی ئۆپیك لە راپۆرتی ئەمساڵدا (2025) سەبارەت بە پێشبینییەكانیان بۆ داواكاری كڕینی نەوت لە جیهاندا دەڵێت "پێشینی دەكرێت رێژەی خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا لەنێوان ساڵانی 2024 تا ساڵی 2050 بە ڕێژەی 18.6% بەرزبێتەوە، واتە لە 103.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی ئێستا بۆ 123 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە ساڵی 2050 بەرزببێتەوە.

هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی رێكخراوی ئۆپیك، لەبارەی داهاتووی بازاڕی نەوتەوە دەڵێت: پێشبینی دەكەین لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر نەوت بەردەوام روو لەبەرزبوونەوە بێت.

رێكخراوەكە لە ڕاپۆرتی پارساڵدا پێشبینی كردبوو، لەنێوان ساڵانی 2023 تا ساڵی 2050 رێژەی خواست لەسەر نەوت بەڕێژەی 17% بەرزبێتەوە، بەڵام لە راپۆرتی ئەمساڵدا پێشبینییەكەی بۆ رێژەی 18.6% بەرزكردۆتەوە.

ئەم پێشبینییانەی رێكخراوی ئۆپیك لە كاتێكدایە كە بەردەوام رێكخراوە جیهانییەكانی پاراستنی ژینگە داوا دەكەن رێژەی بەكارهێنانی وزەی پیس وەك خەڵووز و نەوت و غاز كەم بكرێتەوە بۆ ئاستی گەرمی كەشوهەوا بە رێژەی 1.5 پلەی سیلیزی كەم بكەنەوە و بیگەڕێننەوە پێش ئاستی شۆڕشی پیشەسازی، ئەمەش ئەو داواكارییە بوو كە وڵاتانی جیهان لە كۆنفرانسی ژینگەی پاریس لە ساڵی 2015 لەسەری رێككەوتبوون.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.