ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند پێویستە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بدۆزرێتەوە و هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە ڕێک بکەون.
قاسم ئەعرەجی لە میانی سەردانیکردنی بۆ مەزاری نەمران لە بارزان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بە پێویستی زانی چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ھەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بگەنە ڕێک کەوتن.
ئەعرەجی ڕاشیگەیاند گرنگە پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن. باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەبارەی ئەو ھێرشانەی بەم دواییانە لە ڕێگای ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە سەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
گوتیشی: "لە میانی سەردانەکەم بۆ ھەولێر، دۆخی ئێستای ناوچەکەم لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی ھەرێم تاوتوێ کردووە".
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە 9ی تەمووز، بەسەردانێک گەیشتە ھەولێر و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم ئەنجام دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.