وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بکرێت، ڕێگا نادات ئێران هێزی سەربازیی خۆی بەدەست بێنێتەوە و ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ئیسرائیل کاتز لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندنی خوێندکارانی ئاسایشی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیلیش تێیدا بەشدار بوو، ڕایگەیاند: "دوژمن خەریکی تاوتوێکردنی زیانەکانیەتی و خۆی ئامادە دەکاتەوە؛ بەڵام ئیسرائیل دەبێ هەنگاوەکانی خێراتر بکات و ڕێگا نەدات ئێران جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی: ئیسرائیل دەبێ پلانەکانی خۆی بۆ ڕێگری لە بەهێزبوونەوەی ئێران ئامادە و جێبەجێ بکات و بەڕادەیەک خۆی بەهێز بکات کە ڕێگا لە هەرجۆرە غافڵگیربوونێک بگرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە سەردانی ئەمریکای کردووە بە کەناڵی فۆکس بیزنسی ڕاگەیاند: "ئیسرائیل دوای ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا لە دژی ئێران، ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و ئیتر ئێران ئەو دێوەزمە شکستهەڵنەگرە نییە کە دەیتوانی لە ماوەی ساڵێکدا چەند بۆمبی هەبێت".
نەتانیاهۆ هۆشدارییشی دا هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێ دووبارە بێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.