Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 19:56

بەرێوبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر: ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارایە

کوردستان TV
100%

بەرێوبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر، ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکتڕۆنیی کارا کرد و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن بۆ نۆرەگرتنی دەرهێنانی پاسپۆرت بەکاری بێنن.

ڕۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەمووز، بەرێوبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر ڕایگەیاند: سیستەمی ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکتڕۆنی لە هەرچوار نووسینگەی سنووری پارێزگای هەولێر کارایە و هاووڵاتییان دەتوانن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سوودی لێ وەربگرن.

لەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە هەرچوار نووسینگەکەی پارێزگای هەولێر کە پێکدێن لە نووسینگەکانی یەک و دووی پاسپۆرتی ناوشاری هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە ئەم خزمەتگوزارییەیان کارا کردووە و لە ئێستاوە نۆرە بۆ هەفتەی داهاتوو بەردەستە.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپپۆرتی هەولێر جەختیش دەکاتەوە پێویستە هاووڵاتییان کارتی بانکی (ماستر کارد یا ڤیزە کارد)یان پێ بێت و بە ناوی خۆیانەوە بێت و پارەی عێراقیی تێدابێت بۆ پێدانی رسوومات کە بڕەکەی 91000 دینارە. هاووڵاتییان دەشتوانن کارتی بانکیی "هەژماری من" بۆ پێدانی ڕسوومات بەکار بێنن.

هەروەها کارتی نیشتمانیی ڕەسەن مەرجە بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت. ئەگەر هاووڵاتییان بە نیازی نوێکردنەوەی پاسپۆرت بن پێوستە پاسپۆرتی کۆنیشیان پێ بێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە ئەو ھاووڵاتییانەی  نۆرەیان بۆ شەفتی ئێوارەیە پێویستە دوو کاتژمێر پێش کاتی نۆرەکەیان لە نووسینگەی پاسپۆرت ئامادە بن بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکەیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.