کۆما جڤاکێن کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشوازیی لە نوێترین بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و چەکدانانی پەکەکە کرد و ڕایگەیاند ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی یەکلایەنە بەرەو پێشەوە ناچێت و دەبێ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و پەرلەمانیش بۆ ئەم مەبەستە دەستپێشخەری بکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە 10ی تەمووزی 2025، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشوازیی لە بانگەوازە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و جەختی کردەوە بە ئیرادەوە ئەو هەنگاوانە جێبەجێ دەکەن کە ئۆجەلان داوای کردووە.
کەجەکە خۆشحاڵیی خۆی لە بڵاو بوونەوەی دەنگ و دیمەنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربڕیوە و رایگەیاندووە: " تەواوی پشتیوانی خۆمان بۆ پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' کە بە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕاگەیەندرا، نیشان دا و بە تەواوەتی ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین. تا ئێستا بە گوێرەی باوەڕی خۆمان بۆ بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' و ئەرکی مێژوویی کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم بانگەوازە، بڕیاری ستراتژیمان داوە ولەو چوارچێوەدا هەنگاومان ناوە."
کەجەکە ئازاد کرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە مەرجی سەرەکیی بەرەپێشچوونی پڕۆسەکە دەزانێت و دەڵێت: ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بکرێت، ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و بگات بە ئامانجەکانی. بە پێچەوانەوە مەحاڵە بە بەردەوامبوونی بارودۆخی ئێستا، پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت. داوای لە حکوومەت و پەرلەمانی تورکیاش کردووە ئەرکی خۆیان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە جێبەجێ بکەن و لەم بوارەدا دەستپێشخەری بکەن و هەنگاوی بۆ بنێن.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەختیشی کردووەتەوە: " ئەم بانگەوازە تەنها پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بەڵکوو لەهەمان کاتدا بۆ دەوڵەتیشە، بەتایبەتی پەرلەمان، هەموو دامەزراوە سیاسییەکان و کەسانی بەرپرسیاریش دەگرێتەوە. هەتا ئەمڕۆ ئێمە بەگوێرەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆمان و بە هەستیارییەکی گەورەوە هەنگاوی ستراتژیمان ناوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.