Erbil 31°C دووشەممە 05 تشرینی یەکەم 04:23

لە کارگەی غازی قەڵادزێ ئاگرکەوتەوە و دوو کارمەند سووتان

کوردستان TV
100%

قایمەقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، لە کارگەی غازی قەڵادزێ ئاگرکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دوو کارمەندی کارگەکە سووتاون و دوو ئۆتۆمبێلیش بوونەتە خۆڵەمێش. قایمەقام دەڵێت: "زیانێکی زۆر بەر کارگەکە کەوتووە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تەمووز، ئەبوبەکر بایز، قایمەقامی قەزای پشدەر بە دیجیتاڵ میدیای "کوردستان تیڤی"ی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 8:30 خولەک، سەکۆی پڕکردنەوەی غاز لە کارگەی غازی قەڵادزێ لە کاتی کار کردن بە شێوەیەکی کتوپڕ گڕی گرتووە".

قایمەقامی پشدەر گوتیشی: "بەهۆی رووداوەکەوە، بەداخەوە دوو کارمەندی کارگەکە سووتاون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون." ئاماژەی بەوەش دا باری تەندروستیی کارمەندەکان جێگیرە.

سەبارەت بە زیانە ماددییەکان، ئەبوبەکر بایز ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت بە وەکیلەکانی دابەشکردنی غاز بە تەواوەتی سووتاون و زیانێکی زۆریش بەر خودی کارگەکە کەوتووە.

قایمەقامی پشدەر ئەوەشی خستەڕوو کە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە و قەبارەی زیانەکان بێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.