فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕێوشوێنە توندەکانی پاککردنەوەی ژینگە و گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان دژی پاڵاوگە نایاساییەکان و خاوەنەکانیان بەردەوامە.
ڕۆژی چوارشەممە، 9ـی تەمووز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: بەهۆی سەرپێچییەکانی پاڵاوگەکان، لە ناوەندی پارێزگای هەولێر 43 کەس بەبڕیاری دادگا دەستگیر کراون 85 پاڵاوگەش داخراون.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لە سنووری قەزای قوشتەپە 6 پاڵاوگە هەڵگیراون، پاڵاوگەیەک داخراوە و 15 پاڵاوگە دوای داخستنیان، لەلایەن لیژنەی ژینگەی هەولێر و پارێزگای هەولێرەوە کراونەتەوە، کە بەپێی رێنمایی ژینگەی هەولێر کار دەکەن.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاندووە، لە درێژەی ڕێکارەکان، دوو خاوەن پاڵاوگە دراونەتە دادگا و خاوەن پاڵاوگەیەک دەستگیر کراوە و ڕێکارەکانیش بەردەوامن.
گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە سەرپێچیکارانی لە پاڵاوگەکان پەیوەستە بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر پاڵاوگەیەک پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت، دابخرێت و خاوەنەکانیشیان دەستگیر بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.