ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان پێک بهێنێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی داهات و مووچەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دوو ڕەشنووس کە لەلایەن هەولێر و بەغداوە پێشکەش کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمووز، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوو ڕەشنووسەوە کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، ڕەشنووسی یەکەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی و دووەمیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراوە، کە هەردووکیان تایبەتن بە بابەتی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران.
لە دوای گفتوگۆکان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەک کردووە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، و بە ئەندامێتیی وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، داد و تەندروستی.
ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر هەردوو ڕەشنووسەکە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لیژنەکە ڕاسپاردەکانی خۆی لە نزیکترین کاتدا پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکات، تاوەکو بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.