نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هەمووان پەلە دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. ئەمە لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی ئەمنی، نەک پەیماننامەی ئاشتی.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەمووز، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی باعبدا هات، کە تێیدا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت کردەوە دوژمنکارییەکان لە سنووری سووریا و ئیسرائیل رابگرین."
ئەو نێردە ئەمریکییە رایگەیاند، گفتوگۆ لەنێوان سووریا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و هەمووان پەلە دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لەم هەفتانەی دواییدا، راپۆرتەکان لەبارەی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان سووریا و ئیسرائیلەوە زیادیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی تساحی هەنگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی گفتوگۆیەکی سیاسی و ئەمنیی لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەکات.
پێشتر کەناڵی "i24NEWS"ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەی سوورییەوە بڵاویکردەوە، هەردوولا خەریکە رێککەوتنێکی ئاشتی پێش کۆتایی ساڵی 2025 واژۆ دەکەن، کە پاشەکشەی پلە بە پلەی ئیسرائیل لەو ناوچانە لەخۆدەگرێت کە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە کۆنترۆڵی کردوون، لەنێویاندا لوتکەی چیای شێخ حەرمۆن، کە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی جۆلان.
هاوکات رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنوت"ـی ئیسرائیلیش لە زاری بەرپرسانی باڵاوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکانی ئێستا بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی ئەمنی نەک پەیماننامەی ئاشتی، کە بە نێوەندگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.