سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر گرووپی بریکس و هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 10%ـی لەو وڵاتانە کرد کە سیاسەتەکانی ئەو گرووپە پەیڕەو دەکەن و بە دژە ئەمریکی وەسفی کردن.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" هەڵوێستی تووندی بەرامبەر گرووپی بریکس و ئەو وڵاتانە راگەیاند کە هاوسۆزن لەگەڵیدا.
ترەمپ نووسیویەتی: "هەر وڵاتێک بکەوێتە بەرەی سیاسەتە دژە ئەمریکییەکانی گرووپی بریکسەوە، باجێکی گومرگیی زیادەی بە رێژەی 10%ـی بەسەردا دەسەپێنرێت، هیچ لێخۆشبوونێکیش بۆ ئەم سیاسەتە نابێت."
هەڕەشەکانی ترەمپ تەنیا گرووپی بریکسی نەگرتەوە، بەڵکو لە پۆستێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژی دووشەممەوە دەست دەکات بە ناردنی یەکەم دەستە نامە بۆ چەندین وڵاتی جیهان و داوایان لێ دەکات یان رێککەوتنێکی بازرگانیی نوێی لەگەڵ واژۆ بکەن، یان رووبەڕووی باجی گران دەبنەوە لەسەر کاڵاکانیان.
گرووپی بریکس هاوپەیمانییەکی ئابوورییە و 11 وڵات لەخۆدەگرێت کە دیارترینیان بریتین لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان و چین. ئەم گرووپە بە رکابەرێکی ئابووریی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دادەنرێت و هەوڵی کەمکردنەوەی باڵادەستیی دۆلاری ئەمریکی دەدات لە مامەڵە بازرگانییەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.