Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:11

شاندێکی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە چین بەشداریی لە سیمینارێکی نێودەوڵەتیدا دەکات

کوردستان TV
100%

بە ئامانجی وەرگرتنی ئەزموونی نوێ و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار، شاندێکی باڵای دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە چین بەشداریی لە سیمینارێکی نێودەوڵەتیدا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەممووز، دەستەی گەشتوگوزار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لە چین، بەشداری لە سیمینارێکدا کرد کە تایبەتە بە پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار.

سیمینارەکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی چینەوە رێکخراوە و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت. شاندەکەی هەرێمی کوردستان جگە لە سەرۆکی دەستە، لە د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران و ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار پێکدێت.

ئامانجی سەرەکیی سیمینارەکەش چۆنیەتیی پێکەوەبەستنی چالاکییە گەشتیاری، کولتووری و وەرزشییەکانە بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، بەمەبەستی ناساندنی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بڵاوکراوەی گەشتیاریی پێشکێشی ئامادەبووان و نوێنەری وڵاتان کرد و گفتوگۆی لەگەڵ کردن بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان وەک رووگەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش.

دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی بەشدارییەکە ئەوەبوو کە هەرێمی کوردستان شانازیی ئەوەی پێ بەخشرا بە نوێنەرایەتیی 10 وڵاتی بەشداربوو لە رێوڕەسمی کردنەوەی سیمینارەکەدا وتار پێشکەش بکات. ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەکە، وتارەکەی بەناوی سەرجەم وڵاتانەوە پێشکەشکرد.

لە وتارەکەدا، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، وێڕای سوپاسکردنی وڵاتی چین، ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.