بەهۆی بارانی بەلێزمەی ڕۆژی هەینی و هەستانی لافاو لە ناوەندی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، تا ئێستا 51 کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەک منداڵیش لە ناو قوربانییەکاندان.
بەرپرسانی ویلایەتی تێکساس ڕایانگەیاندووە توانیویانە 850 کەس کە لە نێو لافاودا گیریان خواردبوو ڕزگار بکەن بەڵام چارەنووسی 27 کچی مێرمنداڵ کە لە کەمپێکی هاوینە لە تەنیشت ڕووباری گوادلۆپ کەوتنە بەر لافاو هێشتا دیار نییە.
"دەن پاتریک"، جێگری حاکمی تێکساس لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەمپی هاوینەی کچانی مەسیحی 700 مێرمنداڵی لێ بووە کە لەم ژمارەیە 27 کەسیان بێسەروشوێنن و تیمەکانی گەڕان و فریا کەوتن لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو منداڵانەدان.
گوتیشی 14 کۆپتەر و دەیان درۆنی گەڕان و پشکنین لە ئاسمان و سەدان کەسیش لەسەر زەوی خەریکی بەهاناوەچاوونی ئەو کەسانەن کە لە نێو ئاو یا لەسەر دارەکان گیریان خواردووە و تا ئێستا توانیویانە 850 کەس ڕزگار بکەن.
جێگری حاکمی ویلایەتی ئێکساس بە ئاماژەکردن بەوەی لە پاش بارانێکی بەلێزمە لە ناوچەکە، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادلۆپ لە ماوەی 45 خولەکدا هەشت مەتر بەرز بووەوە، هۆشداریشی دا پێشبینی دەکرێ بارانێکی زیاتر لە ناوچەکە ببارێت و ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو هێشتا لە ئارادایە.
هێزەکانی سوپای ئەمریکا و دامەزراوەی فیدراڵی بەڕێوبەرایەتیی قەیران، بۆ یارمەتیدانی هێزە خۆجێیەکانی ویلایەتی تێکساس گەیشتوونەتە ناوچەکە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بەڵێنی داوە هاوکاریی لافاولێدراوان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.