سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بە فەرمی ئەو گۆڕانکارییانە رەتدەکاتەوە کە بزووتنەوەی حەماس داوای کردبوون، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ناردنی شاندێکی دانوستاندنکاری بۆ قەتەر راگەیاند و میدیای ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکات کە ناکۆکییەکان قووڵ نین و هێشتا هیوایەک بۆ رێککەوتن ماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی تەممووز، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد شاندێکی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی رەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکات.
شاندە ئیسرائیلییەکە، بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، دەگاتە دەوحە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی نەتانیاهۆ هاتووە: "ئەو هەموارکردنەوانەی حەماس داوای کردبوون لەسەر پێشنیازەکەی قەتەر بەدەستمان گەیشتن، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئێمە جێگەی قبووڵ نین".
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستە فەرمییە، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هێشتا ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دانوستاندنەکاندا بوونی هەیە.
هەمان رۆژنامە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵسەنگاندنەکان لەنێو ئیسرائیلدا دەری دەخەن کە ناکۆکییەکانی ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە چوارچێوەی دانوستاندنەکاندا زۆر فراوان و قووڵ نین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.