حیزبوڵڵای لوبنانی دوای شەڕە وێرانکارییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، دەستی بە پێداچوونەوەیەکی ستراتیژیی گەورە کردووە، لە پێداچوونەوەکەدا تاوتوێی کەمکردنەوەی رۆڵی خۆی وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری دەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بە تەواوی چەک دابنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردوونەتەوە، ئەو گفتوگۆ نێوخۆییانەی حیزبوڵڵا، کە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە و پێشتر رانەگەیێندراون، قەبارەی ئەو فشارە گەورانە نیشان دەدەن کە حیزبەکە رووبەڕووی بووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادان و بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتباری دەکات.
هاوکات، حیزبەکە رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی سەخت و داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ چەکدانان بووەتەوە، هەروەها کاریگەریی سیاسیی پاشەکشەی کردووە لەدوای پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ بە پشتیوانیی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا.
بەرپرسێکی دیکەی حیزبەکە ئاشکرای کردووە، کۆبوونەوەی نهێنی بە شێوەی ئامادەبوون یان ئۆنلاین ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی سەرکردایەتی، رۆڵی سیاسی، چالاکییە کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانەکان، هەروەها پرسی چەک.
ئەو بەرپرسە روونیکردووەتەوە کە حیزبەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەو چەکخانە زەبەلاحەی بۆ ترساندنی ئیسرائیل کۆیکردبووەوە، ئێستا بووەتە بارێکی قورس بەسەر حزبوڵڵاوە.
ئاژانسی "رۆیتەرز"، لە زاری سەرچاوەکانەوە دەڵێت، حیزبوڵڵا لە ئێستادا تاوتوێی رادەستکردنی هەندێک لە چەکەکانی لە ناوچەکانی دیکەی وڵات دەکات، بەتایبەتی ئەو مووشەک و درۆنانەی بە مەترسیدارترین چەک لەسەر ئیسرائیل دادەنرێن، بەو مەرجەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و هێرشەکانی رابگرێت.
هاوكات، حیزبوڵڵا بەنیاز نییە دەستبەرداری تەواوی چەکهكانی بێت، بەڵکو چەکی سووک و مووشەکی دژە تانک وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی داهاتوو، لای خۆی دەهێڵێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.