موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشمانیی شیعە دووبارە جەخت لە بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەكاتەوە و داواش لە لایەنگرانی دەكات بەشداری لە هەڵبژاردن نەكەن.
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشمانیی شیعە ئەمڕۆ هەینی لە دەستنووسێكدا جەختی كردەوە كە رەوتەكەی لە بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە.
هەروەها سەرجەم لایەنگرانی رەوتەكەشی سەرپشك كرد و داوای لێ كردن ئەوەی دەتوانێت، با بەشداریی هەڵبژاردن نەكات.
ماوەیەك بەر لە ئێستا لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق داوای لە موقتەدا سەدر كردبوو بڕیار بدات رەوتەكەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات، چونكە بەشدارینەكردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆسەی سیاسی عێراق كەموكورت بێت.
هەر ئەو كاتیش موقتەدا سەدر وەڵامی داواكەی سەرۆك كۆماری دابووەوە و جەختی كردبووەوە كە رەوتی نیشمانیی شیعە بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات.
موقتەدا سەدر ئەو كات لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو: کاتێک بڕیارم دا بایکۆتى هەڵبژاردن بکرێت نەمدەویست دوابخرێت یان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەوەى دڵگرانى کردم ئەوە بوو كە گەلى عێراق بەشداربێت لە هەڵبژاردنى گەندەڵکاران و بێزراوان و پارەدزان".
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە جەختیشی كردبووەوە كە ئەگەر لەگەڵ گەندەڵکاران بەشداری هەڵبژاردنیش نەكات، بەڵام ئەو هەمیشە وەک سەربازێکى عێراق دەمێنێتەوە.
بەپێی بڕیاری حكوومەتی عێراق، رۆژی 11ی تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.