Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 19:26

ترەمپ: ئیسرائیل بە مەرجەکانی ئاگربەست رازی بووە و چاوەڕێی وەڵامی حەماسین

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل بە مەرجەکانی پێشنیازێکی ئاگربەستی 60 رۆژە لە غەززە رازی بووە و چاوەڕێی رەزامەندیی بزووتنەوەی حەماسن. ئاماژەی بەوەش کرد، قەتەر و میسر، رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنەکە پێشکەش دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـێ تەمووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی 'ترووس سۆشیاڵ' نووسیویەتی، نوێنەرانی ئیدارەکەی، کۆبوونەوەیەکی درێژ و بنیادنەرانەیان لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە.

جەختیشی کردەوە قەتەر و میسر، کە رۆڵێکی سەرەکییان لە نێوەندگیریدا گێڕاوە، پێشنیازی کۆتایی رێککەوتنەکە پێشکەش دەکەن.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەکە لە ئەگەری شکستپێهێنانی رێککەوتنەکە، ترەمپ گوتی: "هیوادارین بزووتنەوەی حەماس ئەم رێککەوتنە قبووڵ بکات، چونکە بەدیلەکەی زۆر خراپتر دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد رەزامەندیی حەماس هێشتا مەرجێکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.

هەروەها، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تەلئەڤیڤ و حەماس رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن نزیک بووەتەوە، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر هەندێک خاڵ ماوە، دیارترینیان مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاستی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززەیە.

ترەمپ لە لێدوانێکی پێشتری هەمان رۆژدا گوتی: "لە پرسی کۆتاییهێنانی جەنگی غەززەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ توند دەبم و پێم وایە هەفتەی داهاتوو دەگەینە رێککەوتن."

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، نیازی هەیە هەفتەی داهاتوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، سەردانی واشنتن بکات. سەردانێک کە وا دەردەکەوێت بۆ رەوتی دانوستاندنەکان یەکلاکەرەوە بێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.