بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی بریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و لە رێگەیەکی پڕمەترسییەوە لە ئەوروپاوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی بریتانیا، ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەمووز، حکوومەتی بریتانیا رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی مانش (کەناڵی ئینگلیز) پەڕیونەتەوە، ریکۆردێکی نوێی پێوانەیی تۆمار کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە نزیکەی 19 هەزار و 982 کۆچبەر ئەو گەشتە پڕمەترسییەیان ئەنجامداوە، ئەم ژمارەیەش ریکۆردی پێشووی تێپەڕاندووە کە لە هەمان ماوەدا لە ساڵانی رابردوودا تۆمار کرابوو، کاتێک لە ساڵی 2022 ژمارەکە 12 هەزار 747 کەس بوو.
ئەم زیادبوونە بەرچاوە لە ژمارەی کۆچبەران، فشارێکی زۆری لەسەر حکوومەتەکەی کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بریتانیا دروست کردووە کە پێشتر بەڵێنی دابوو رێژەی هاتنی کۆچبەران کەم بکاتەوە و دیاردەی بەلەمەکان رابگرێت کە یەکێک بوو لە دروشمە سەرەکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان.
حکوومەتی بریتانیا بەردەوامە لە گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە هەوڵەکان تا ئێستا نەبوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی هەوڵی گەیشتن بە کەناراوەکانی بریتانیا دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.