Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 19:41

نێردەی ئەمریکا: شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەرگایەکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووەتەوە

کوردستان TV
100%

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیا رایگەیاند، کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەرفەتێکی بۆ رێگەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەخساندووە و جەختیشی کردەوە کە تورکیا کارەکتەرێکی سەرەکیی ئەو رێگا نوێیەیە.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا پێشبینی کرد بەم زووانە ئاگربەست لە غەزە رابگەیێندرێت و گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیە بۆ دیالۆگێکی نوێ، پێم وایە هەمووان دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام، بەتایبەتی دوای باشتربوونی دۆخی غەزە.

نێردە ئەمریکییەکە جەختی لەوە کردەوە کە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پێویستە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و هەریەک لە سووریا و لوبناندا واژۆ بکرێت و گوتی: ئەحمەدشەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا روونی کردووەتەوە کە رقی لە ئیسرائیل نییە و خوازیاری ئاشتییە.

زیاتر گوتی: پێم وایە ئەمە بۆ لوبنانیش روو دەدات و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلیش دەتوانن جارێکی دیکە ئاسایی ببنەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە کێشەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر پرۆگرامی فڕۆکەی ئێف-35 و سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئەنقەرە، دەکرێت پێش کۆتاییی ئەمساڵ چارەسەر بکرێن.

بە گوتەی ئەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، فەرمان بە وەزیرانی دەرەوەیان دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

جێی باسە، لە ساڵی 2020دا ئەمریکا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-400ـی ڕووسی. واشنتن ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی ئێف-35 دوور خستەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سیستەمی ئێس-400 رێگە بە رووسیا دەدات زانیاری لەسەر تواناکانی ئەو فڕۆکە پێشکەوتووە کۆ بکاتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.