گۆڤاری بەناوبانگی "فۆربس"ی ئهمریكی لیستی ساڵانەی خۆی بۆ دەوڵەمەندترین 50 ئافرەتی خۆرسکی (Self-made) لەسەر ئاستی جیهان بڵاو کردەوە، کە ئافرەتانی پێشەنگی کار لە کەرتە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی و تەکنەلۆژیا لەخۆ دەگرێت.
لە پێشەنگی لیستەکەدا، رافائێلا ئاپۆنتی دیامانتی تەمەن 80 ساڵ دێت کە بە رەسەن ئیسرائیلییە و لە بواری گواستنەوەی دەریاییدا لە سویسرا کار دەکات، سامانەکەی بە 38.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە پلەی دووەمدا، دایان هێندرێکسی ئەمریکی دێت، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای (ABC Supply)ـە و سامانەکەی بە 22.3 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەو یەکێکە لەو 18 ئافرەتە ئەمریکییەی لە لیستەکەدان، کە کەسایەتیی دیاری وەک ئۆپرا وینفری و شێریل ساندبێرگیشی تێدایە.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەنجترین ئافرەتی نێو لیستەکە مێلانی پێرکینزی ئوسترالییە کە تەمەنی 38 ساڵە و دامەزرێنەری کۆمپانیای نەرمەکاڵای دیزاینی "کانڤا"یە.
هەروەها تاتیانا کیم، دامەزرێنەری کۆمپانیای "وایڵدبێریز"ـی رووسی بە سامانێکی 4.6 ملیار دۆلارییەوە لە پلەی هەژدەیەمی لیستەکەدا جێی گرتووە.
کەمترین بڕی سامان بۆ چوونە نێو لیستی ئەمساڵ 2.1 ملیار دۆلار بووە.
لە رووی جوگرافییەوە، لیستەکە 18 ئافرەتی ئەمریکی و 18 ئافرەتی چینی لەخۆدەگرێت.
نزیکەی نیوەی بەشداربووان، 24 کەس خەڵکی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمنن، 20 کەسیان لە ئەمریکای باکوورن و شەشەکەی دیکەش لە ئەورووپان، بەڵام هیچ نوێنەرێکی کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئەمریکای باشوور لە لیستەکەدا نین.
بەپێی گۆڤاری "فۆربس"، کەرتی تەکنەلۆژیا باوترین رێگایە بۆ دەوڵەمەندبوون، بەو پێیەی 14 ژنی نێو لیستەکە لەو بوارەدا کار دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.