بەرپرسێکی فەڵەستینی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس سێ مەرجی سەرەکیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل داناوە و گهرەنتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ یەکەمیانە.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، تۆڕی هەواڵی "سکای نیوز" لە زاری بەرپرسێکی فەڵەستینی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بڵاوی کردەوە، حەماس رازیبوونی بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەستووەتەوە بە بوونی گەرەنتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی شەڕ لە کەرتی غەزە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوو مەرجەکەی دیکەی حەماس بریتین لە بەشداریکردنی نوێنەرانی بزووتنەوەکە لە ئیدارەدانی غەزە، هەروەها دەستنەگرتن بەسەر سامان و موڵکی حەماس و دانەنانی هیچ رێگری و سنووردارکردنێک لەسەر جووڵەکانیان لە دەرەوەی وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەگەری هەیە لە ماوەی یەک حەفتەدا رێککەوتنی ئاگربەست لە غەزە بەدی بێت.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئێستا، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەزە زیاتر لە 56 هەزار فەڵەستینی کوژراون و 132 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.