دادوەرێکی ئەرجەنتینی فەرمانی دادگاییکردنی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی پلە باڵای پێشووی ئێران دەرکرد کە تۆمەتبار بوون بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ساڵی 1994ـی سەنتەرێکی جووەکان لە بۆینس ئایرس.
دانیال رافیکاس، دادوەری ئەرجەنتینی فەرمانی دادگاییکردنی بە بێ ئامادەبوونیان بۆ 10 تۆمەتبار دەرکرد کە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ساڵی 1994ـی سەنتەرێکی جووەکان لە بۆینس ئایرس تۆمەتبارن، کە بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەسی دیکە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئەرجەنتین دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە و بە پشتیوانیی حکوومەتی ئێران ئەنجامدراوە.
لە نێو تۆمەتبارەکاندا عەلی فەلاحیان وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری پێشووی دەرەوە، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و هادی سولەیمانپوور باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەرجەنتین هەن.
حکوومەتی تاران هەمیشە دەستێوەردانی لەو رووداوەدا رەتکردووەتەوە و ئامادە نەبووە گومانلێکراوەکان رادەست بکات، کە لەلایەن دادگەی ئەرجەنتینەوە بە هەڵاتوو لە یاسا دادەنرێن.
بڕیارەکەی دادوەر دانیال رافیکاس، پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پەسندکراوە و رێگە بە دادگاییکردنی بە بێ ئامادەبوونی ئەو کەسانە دەدات کە ماوەیەکی زۆرە لە یاسا هەڵاتوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.