هێزی قودسی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا، کوژرانی محەمەد سەعید ئایزەدی ناسراو بە (حاجی ڕەمەزان)ـی لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگەیاند، دوێنێش كوژرانی عەلی شادمانی فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیای پشتڕاست كردبووەوە.
ئایزەدی یەکێک لە فەرماندە باڵا و هەروەها بەرپرسی بەشی فەڵەستین بوو لە هێزی قودسی کە باڵی دەرەوەی سنووری سوپای پاسدارانە.
پێنج رۆژ پێش ئێستا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە ئامانجی هێرشەکەیان بۆ سەر شاری قووم، کوشتنی محەمەد سەعید ئایزەدی بووە، بەڵام ئەو کاتە هێزی قودس هەواڵی کوژرانی ئەوی پشتڕاست نەکردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێش، بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا کوژرانی عەلی شادمانی فەرماندەی بارەگاکەی هەشت رۆژ دوای ئەوەی ئیسرائیل هەواڵەکەی بڵاو کردبووەوە، پشتڕاست کردەوە.
محەمەد سەعید ئایزەدی لە هێرشەکەی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق رزگاری ببوو، لەو هێرشەدا چەندین کەسی دیکە، لەنێویاندا محەممەد ڕەزا زاهیدی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی هێزی قودس کوژران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.