ئەمشەو یەكشەممە لە كەنیسەی مار ئیلیاس لە رۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سووریا تەقینەوەیەك رووی دا و بەهۆیەوە دەیان كەس بوونە قوربانی، وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت "تەقینەوەكە لە رێگەی خۆكوژێكی داعشەوە ئەنجامدراوە".
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە دیمەشق پێی راگەیاندین: تەقینەوەكە ئەمشەو یەكشەممە و كەمێك پێش ئێستا لەنێو كەنیسەی مار ئیلیاس لە رێگەی خۆكوژێكەوە ئەنجامدراوە.
خۆكوژەكە هاتووەتە نێو كەنیسەكە و تەقەی هەڕەمەكی كردوو و دواتریش خۆی تەقاندۆتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان لە ئەنجامی تەقینەوەكە دەیان كەس كوژراون و بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەبارەی تەقینەوەكە رایگەیاند: تەقینەوەكە لە رێگەی خۆكوژێكی سەر بە رێكخراوی داعش ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە هێزە ئەمنییەكان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە.
لەبارەی ژمارەی قوربانییەكانیش، وەزارەتی تەندروستی سووریا رایگەیاند: 13 كەس كوژراون و 53 كەسی دیكەش بریندار بوون.
ڤیدیۆ: دیمەنی كەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق دوای تەقینەوەكە:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.