ئایەتوڵا خامەنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دووەمین پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا لە پاش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە کاتێکدا هێرشی کردە سەر ئێران کە بەرپرسان خەریکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بوون و هیچ نیشانەیەک سەبارەت بە ڕوودانی جووڵەی توند یا هێرشی سەربازی لە لایەن ئێرانەوە بەدی نەدەکرا.
خامەنەیی جەختیشی کردەوە ئێران لە بەرانبەر جەنگی داسەپاو و ئاشتیی داسەپاو و هەر جۆرە داسەپاندنێک بە قورسی ڕادەوەستێ و لە وڵامی پێشنیاری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر خۆبەدەستەوەدانی ئێرانیش گوتی: ئەوانەی شارەزای گەل و مێژووی ئێران بن هیچکات بە هەڕەشە لەگەڵ ئەم گەلە نادوێن لەبەر ئەوەی گەلی ئێران هیچکات خۆی بەدەستەوە نادات.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێڕان سەبارەت بە دەستوەردانی ئەمریکا لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هۆشداریی دا و ڕایگەیاند هەرجۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا، زیانێکی قەربوونەکراوی بۆ خۆیان بەدوادا دێت.
بە گوتەی خامەنەیی لە سەرەتاوە گومانی ئەوە هەبوو ئەمریکا لەم هێرشەی ئیسرائیلدا دەستی هەبێ بەڵام بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا ئەم گومانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەکردن بەوەی ئیسرائیل بە هێرشکردنەسەر ئێران تووشی هەڵە و تاوانێکی گەورە بووە گوتی دوژمنی زایۆنی دەبێ سزا بدرێ و هەر ئێستاش خەریکە سزاکەی وەردەگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.