سوپای ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ئاشکرای کرد بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی، کۆمەڵێک بنکەی سەربازیی لە شاری تاران بە ئامانج گرتووە.
بە پێی ئەم ڕاگەیاندراوە، لەم هێرشانەدا بنکەیەکی بەرهەمهێنانی سانتریفیووژیان بۆردومان کردووە کە حکوومەتی ئێران دەیتوانی لە ڕێگای ئەم بنکەیەوە ڕادە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی پەرە پێ بدات.
لەم هێرشانەدا هەروەها چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و یەک لەوانیش کارگەیەکی مووشەکی زەوی بە زەوی لە پایتەختی ئێڕان بە ئامانج گیراون. سوپای ئیسرائیل دەڵێ لەم کارگەیەدا ئەو مووشەکانە بەرهەم هێنراون کە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار هاتوون.
هەروەها چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی زەوی بە ئاسمان کە بۆ بە ئامانجگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەکار دەهاتن، بە ئامانج گیراون.
شەوی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندبوو سوپای ئیسرائیل بە چڕی چەندین شوێنی ڕۆژهەڵاتی تاران، لەوانەش زانکۆی "ئیمام حسێن" کە سەر بە سوپای پاسدارانە و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی بۆردومان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.