Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 03:15

عێراقچی: ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئێمەش لە هێرشەکانمان دەوەستین

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەبێ پاڵپشتی ئەمەریکا هەرگیز رووی نەدەدا و دەشڵێت ئەوان ئامادەن بەو مەرجەی ئیسرائیل هێرشیان نەکاتەوە سەر، هێرشەکانیان بوەستێنن.

 

رۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە تاران رایگەیاند؛ ئەمەریکا دەڵێت ئێمە هیچ دەورێکمان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبووە، بەڵام هەمووان دەزانن بەبێ پاڵپشتی ئەمەریکا، ئیسرائیل هەرگیز نەیدەتوانی هێرشمان بکاتە سەر.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵیت، ئەوان ئێستاش ئامادەن بۆ دانوستان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی و دەشڵێت؛ "ئێمە پێنج گەڕی دانوستانمان لەگەڵ ئەمەریکا هەبوو و بڕیار بوو ئەمڕۆ گەڕی شەشەمی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ناکاو و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بەرەبەیانی هەینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر خاکەکەمان.

 

عەباس عێراقچی رەخنە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێت و دەڵیت ئەو ئەنجوومەنە هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانمان پشتگوێ خست و گوتیشی کە وڵاتانی رۆژئاوا "لەبری سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل، هاتن و ئێمەیان تاوانبارکرد".

 

لەبارەی بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی کە ئەوان لە هێرشی یەکەم شەویاندا تەنیا ناوەندە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل ناوەندە ئابووری و ژێرخانەکانی ئێرانی کردە ئامانج، "ئێمەش هاوشێوەی ئەوان گۆڕانکاریمان بەسەر ئامانجەکانمان هێنا".

 

عەباس عێراقچی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە و بۆ ئەمەش مەرجێکی خستەڕوو و گوتی؛ "ئەگەر ئەمەریکا بەو نیازە دەیەوێت دانوستانمان لەگەڵ بکات کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات، ئێمە ئامادەین، بەڵام ئێمە دانوستان لەسەر ئەوە ناکەین ئەمەریکا بە تەواوەتی بیهەوێ مافی ئەتۆمیمان لێ بستێنێتەوە".

 

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل راگەیاند و گوتی؛ "ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بوەستێت، ئێمەش ئامادەین هێرشەکانمان بوەستێنین".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.