ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسڕائیل داوای لەسەرجەم هاووڵاتییانی كرد ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ئاگاداری خۆیان بن و ناسنامە و شوێنی مانەوەیان ئاشكرا نەكەن بەهۆی مەترسی و ئەگەری هێرشكردنە سەریان.
ئەنجوومەنەكە ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: پێویستە هاووڵاتییانی ئیسڕائیل ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن ئاگاداری خۆیان بن و ناسنامەی خۆیان ئاشكرا نەكەن.
داواشی كردووە، دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی ئاشكرای هێما تایبەتەكانی جوو و ئیسڕائیل لە شوێنە گشتییەكان، هەروەها بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە كۆبوونەوە و چالاكییەكانی تایبەت بە ئیسڕائیل و جووەكان نەكەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسڕائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو كە هاووڵاتییان خۆیان بەدووربگرن لە ئاشكراكردنی شوێنی مانەوە و ئەو ناوچانەی كە دەیانەوێت بۆی بچن، بەتایبەت لە تۆڕكانی كۆمەڵایەتی.
بەهەمانشێوە داوای كردووە لە شوێنە گشتییەكان تەواو ئاگاداری خۆیان بن و پەیوەندییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەبەردەوامی هەبێت، هەروەها لە ئەگەری بوونی هەر مەترسی بەزووترین كات هێزە ئەمنییەكان ئاگادار بكەنەوە.
بڵاوكردنەوەی ئەم رێنماییانە لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەیان هێرشی مووشەكی و ئاسمانی كرایە سەر ژمارەیەك لە بنكە و بارەگا سەربازییەكان و وێستگەكانی چەكی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، هەروەها ژمارەیەك لە سەركردەی باڵاكانی سەربازی ئێران كوژران.
لەبەرامبەریشدا ئێران بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی داوە و هێزەكان خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئیسڕائیل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.