ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دووپاتی کردەوە کە "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات" و رایگەیاند؛ "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی گرژییەکان".
ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵیت؛ "فەرەنسا چەندین جار پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی شەرمەزار کردووە و هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیمان بۆ وەڵامدانەوەی ئەنجامداوە".
سەرۆککۆماری فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خاکەکەی دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ "لەو پێناوەدا، فەرەنسا پێداگری لە مافی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن و پاراستنی تەناهی وڵاتەکەی".
ماکرۆن دەشڵیت؛ "بۆ رێگریکردن لەوەی ئارامی هەموو ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم تا ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی گرژییەکان".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆککۆماری فەرەنسا دووپاتیدەکاتەوە کە وڵاتەکەی "لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی هەوڵ دەدات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیک".
ئیمانوێل ماکرۆن دەشڵیت؛ "ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری شانشینی سعوودیە، شای ئوردن، سەرۆککۆماری ئیمارات، میری قەتەر، راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆم کردووە" و لە کۆتاییدا نووسیویەتی؛ "دەبێت ئاشتی و تەناهی بۆ هەمووان لە ناوچەکە ببێتە بنەمای کارکردنی هەموومان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.