Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:06

ترەمپ بۆ ئێران: تا زۆر درەنگ نەبووە رێککەوتنەکە ئەنجام بدەن

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران داوای لە تاران کرد لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا رێکبکەوێت و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە " هێرشە پلان بۆ دانراوەکانی داهاتووی ئیسرائیل لەوانەی ئەمڕۆ بێبەزەییانەتر دەبن".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردووەتەوە؛ "من چەندین جار دەرفەتم دایە ئێران بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات، بە توندترین شێوەش پێم گوتن کە "تەنیا جێبەجێی بکەن. بەڵام هەرچەند هەوڵیاندا و هەرچی لە رێککەوتنەکە نزیکبوونەوە، نەیانتوانی بیگەیەننە ئەنجام".

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت؛ "بە ئێرانییەکانم گوت کە دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە بیری لێ دەکەنەوە، ئێستا چاوەڕێی چی دەکەن کە پێشتر پێیان گوتراوە؟".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات؛ "پێم گوتن کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باشترین و بکوژترین چەکەکانی جیهان بەرهەم دەهێنێت-بە جیاوازییەکی یەکجار زۆرەوە- ئیسرائیل بڕێکی زۆری لەو چەکانە لەبەردەستە و چەک و تەقەمەنی زۆر زیاتریش لە رێگەن، ئیسرائیلییەکانیش باش دەزانن ئەو چەکانە بەکار بهێنن".

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت؛ "هەندێک لە توندئاژۆکانی ئێران فشەیان دەکرد، بەڵام نەیاندەزانی خەریکە چ شتێک روودەدات، ئێستا هەموویان مردوون و دۆخەکە تەنیا خراپتر بووە".

ترەمپ هۆشداری دەداتە بەرپرسانی ئێران و رایدەگەیەنێت؛ "تا ئێستا مەرگ و وێرانکارییەکی زۆر روویداوە، بەڵام هێشتاش دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی ئەو کوشتوبڕە بوەستێت، لەبەر ئەوەی هێرشەکانی دوایی لە ئێستاوە بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە، زۆر بێ بەزەییانەتر دەبن".

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئێران دەبێ رێککەوتن بکات، پێش ئەوەی هەموو شتێک لەدەست بدات. با ئەوەی کە سەردەمێک وەکو ئیمپراتۆری ئێران دەناسرا، رزگاری بکات. ئیتر نە مەرگ، نە وێرانی؛ تەنیا ئەنجامی بدەن، بەر لەوەی زۆر درەنگ بێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.