نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی دەکات.
ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نامەیەکی فەرمی دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوا لەو ئەنجوومەنە دەکات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران شەرمەزار بکەن و هاوکات داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنەکەش دەکات.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئەرکە لەسەریان ئەو پێشێلکارییەی ئیسرائیل بە روونی شەرمەزار بکەن و بەپێی ئەو دەسەڵاتە یاساییەی هەیانە کاردانەوەی خێرایان هەبێت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند دامەزراوەی ئەتۆمی وبەرپرسی باڵای سەربازی ئێران و میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، محەمەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و غوڵامعەلی رەشیدی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتم ئەنبیا لەگەڵ دوو زانای ئەتۆمی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەیانی ئەمڕۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "رژێمی زایۆنی دەبێت چاوەڕوانی سزایەکی قورس بێت، دەستە بەتواناکانی هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئەو رژێمە بەر نادات". هاوکات، میدیاکانی ئێران دەڵێن، سوپای ئێران زیاتر لە 100 درۆن و 70 موشەکی دوورهاوێژی رەوانەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی پشتڕاستی ئەو هێرشانەی نەکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.