پۆلیسی هیندستان ئەمشەو پێنجشەممە دوایین ئاماری قوربانییانی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی شاری ئەحمەد ئابادی لە رۆژئاوای هیندستان بڵاو كردەوە.
فێدی چووداری گوتەبێژی پۆلیسی شاری ئەحمەد ئاباد رایگەیاند: تا ئێستا تەرمی 260 كەس بەهۆی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە دۆزراوەتەوە.
راشیگەیاند: 19 كەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لەنێو ئەو باڵەخانەیەدا بوون كە فڕۆكەكەی تێدا كەوتە خوارەوە.
هەروەها رایگەیاند: لەنێو سەرنشینانی فڕۆكەكە تەنیا یەك كەس رزگاری بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی هیندستان كە بەنیازبوو بەرەو لەندەن گەشت بكات، دوای چەند خولەكێك لە فڕینی و لە نزیك فڕۆكەخانەی شاری ئەحمەد ئاباد لە رۆژئاوای هیندستان كەوتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی هێڵی ئاسمانی هیندستان، لە كاتی كەوتنەوەی رووداوەكە فڕۆكەكە 242 سەرنشینی تێدابووە.
فڕۆكەكە كەوتبووە سەر باڵەخانەیەك كە نهۆمی دووەمی بریتی بووە لە چێشتخانەیەكی كۆلیژی پزیشكی زانكۆی شاری ئەحمەد ئاباد، بۆیە بەشێك لە قوربانییان قوتابی زانكۆكە و كارمەندانی چێشتخانەكە بوون.
فڕۆكەكە یەكێك بووە لە نوێترین جۆرەكانی فڕۆكەی بەناوبانگی بۆینگ لە جۆری دیریملاند (787-8)، چەند خولەكێك دوای فڕینی لە ئاسمانەوە دووكەڵی لێ بەرزبووەتەوە و دواتریش كەوتۆتە خوارەوە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی رانەگەیەنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.