پۆلیسی هیندستان ئاشكرای دەكات، سەرجەم سەرنشینانی ئەو فڕۆكەیەی ئەمڕۆ لە شاری ئەحمەد ئاباد كەوتە خوارەوە كە ژمارەیان 242 سەرنشین بوو، گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكەیەكی هیندستان كە بەنیازبوو بەرەو لەندەن گەشت بكات، دوای چەند خولەكێك لە فڕینی و لە نزیك فڕۆكەخانەی شاری ئەحمەد ئاباد لە رۆژئاوای هیندستان كەوتە خوارەوە.
پۆلیسی شاری ئەحمەد ئاباد رایگەیاند: هیچ سەرنشینێكی نێو فڕۆكەكە كە ژمارەیان 242 كەس بووە، لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوە رزگاریان نەبووە.
هەروەها رایگەیاند: فڕۆكەكە كەوتۆتە سەر چێشتخانەیەكی كۆلیژی پزیشكی لە نزیك فڕۆكەخانە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەك قوتابیش لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە گیانیان لەدەستدابێت، بەڵام تا ئێستا روون نەبووەتەوە.
ئەو فڕۆكەیەی كەوتۆتە خوارەوە یەكێكە لە نوێترین جۆرەكانی فڕۆكەی بۆینگ لە جۆری دیریملاند (787-8)، چەند خولەكێك دوای فڕینی لە فڕۆكەخانە دووكەڵێك لە مەكینەكانی بەرزبووەتەوە و دواتریش كەوتۆتە خوارەوە، تا ئێستا بە دروستی هۆكاری لەكاركەوتنی مەكینەی فڕۆكە روون نەبووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.