وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی قوشتەپە گرفتی بۆ دروستبووبوو و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێریش دەڵیت گرفتەکە چارەسەر کراوە و لە هەولێر گەنمەکانیان لێ وەردەگرین.
رۆژی سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کارزان کاکل، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "لە رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025ـەوە دەرگای سایلۆکانی پارێزگای هەولێر بەڕووی جووتیاراندا دەکرێتەوە".
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێریش دەڵێت؛ "پشکی پارێزگای هەولێر لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، 122 هەزار تۆنە".
سایلۆی قوشتەپە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کێشەی بۆ دروستبووە و رێگە نادرێت گەنمی جووتیارانی قەزاکە وەربگیرێت، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت کێشەکەیان بۆ چارەسەر کردوون و رایدەگەیەنێت؛ "ئێستا دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکانی هەولێر بکەن".
لە ئەمڕۆوە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران. حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیش ئەو بڕە بە کەم دەزانێت و داوای کردووە رێژەکە بەرزتر بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.