بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری رووداوەکانی چوار رۆژی جەژنی قوربانی بڵاوکردەوە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، رووداوەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، مقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "لە چوار رۆژی جەژنی قوربان 16 رووداوی جۆراوجۆر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی هەولێر روویانداوە".
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری رووداوەکانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە یەکەم رۆژی جەژندا پێنج رووداو و لە رۆژی دووەمی جەژنی قوربان سێ رووداو و لە رۆژی سێیەم حەوت رووداو و لە رۆژی چوارەمی جەژنیشدا یەک رووداو روویانداوە.
رووداوەکان زۆربەیان ئاگرکەوتنەوە بوون و تەنیا دوو رووداوی ئۆتۆمبێل لە سێیەم و چوارەم رۆژی جەژن و رووداوێکی ماتۆڕسکیل لە رۆژی یەکەمی جەژن تۆمارکراون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت؛ رووداوەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە و ئەوەی روویداوە تەنیا زیانی مادی لێ کەوتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.