Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 00:29

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی كوردانی رۆژئاوا بە باش نازانین

کوردستان TV
100%

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی رایدەگەیەنێت، گرووپێك لە كوردانی رۆژئاوا داوایان كردووە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە ئەم كۆبوونەوەیە بە باش نازانین.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "گرووپێک داوایان لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، كە لە ڕۆژی 8 ی 6 کۆبوونەوەیەک بۆ ڕەوەندی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن".

راشیگەیاند "ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە باش نابینین، چونكە ئەوە بە گشتیی کوردستانییەکان لە یەکتری دوور دەخات و خزمەت بە دوژمنانی کوردستان دەکات".

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە:-

بۆ ڕای گشتیی کوردستانییان

گرووپێک داوایان لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، كە لە ڕۆژی 8 ی 6 کۆبوونەوەیەک بۆ ڕەوەندی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن.

ئێمە وەکو کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە لە کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان پێکهاتووە بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان، و بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هیچ جیاوازییەک لەنێوان کوردستانییانی ڕەوەنددا ناکەین. بۆ ئێمە باشوور بێت، باکور بێت، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێت، هەموویان یەک کوردستانن، ئێمە پێکەوە بەهێزین، یەکڕیزیمان سەرکەوتنی ئێمەیە.

ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە باش نابینین. ئەوەش بە گشتیی کوردستانییەکان لە یەکتری دوور دەخات و خزمەت بە دوژمنانی کوردستان دەکات.

پێویستە پشتگیری لە "کۆنفرانسی یەكڕیزی و یەکھەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان" بکەین، کە لە 26 ی نیسانی 2025 لە شاری قامیشلۆ بەڕێوە چوو. یەکێک لە داواکارییە گرنگەکانی ئەو کۆنفرانسە، یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

پێویستە دەستووری سووریا مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات و پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بێت، پاراستنی ئازادی و مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی بەشداریی کاریگەرانەیان لە هەموو دامودەزگاکانی (سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی)دا مسۆگەر بكات.

پێویستە زمانی کوردی بە فەرمیی بناسرێت و شوناس و خاکی کوردیان بۆ بگەڕێتەوە و کورد لەناو سووریایەکی فیدراڵیدا جێگەی خۆی بگرێتەوە.

نەورۆزی کۆڵن، کە لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک خرابوو، جیاوازییان لەنێوان کوردانی پارچەکانی کوردستانی نەکرد، بۆیە جیاكردنی ڕەوەندی کوردستانیی خزمەت بە میللەتەکەمان ناکات.

بژی کوردستان

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

04.06.2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.