قایمقامی هەولێر دەڵیت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵانەکان قەدەغە کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش نرخی سەربڕینی ئاژەڵان لە کوشتارگەکان هەرزان کراوە و ئاژەڵەکان لەلایەن تیمەکانی ڤیتێرنەری پشکنینیان بۆ دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە (دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: تیمێکی هاوبەشی تایبەت لە قایمقامییەت پێکهێنراوە بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵان لەناو کۆڵان و شوێنە گشتییەکان.
نەبەرز عەبدولحەمید دەڵێت: نرخی سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەکان هەرزانتر کراوە لە نرخی دەرەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان روو لە سەربڕخانەکان بکەن و دووربن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
حکوومەت سەربڕینی ئاژەڵی لە شەقام و کۆڵانەکان قەدەخە کردووە و قایمقامی هەولێریش دووپاتی دەکاتەوە : هەر هاووڵاتییەک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، چونکە مەترسی لەسەر خۆی و ئەو کۆڵانەش دروست دەکات کە ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت.
نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی ئەو خۆراکانەی لە جەژندا خواستیان لەسەرە گوتی: لێژنەیەکی تایبەتمان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون و گەڕان بەناو دوکانەکاندا، بۆ ئەوەی دوکاندارەکان بە هەلی نەزانن بۆ گرانکردن یان ساغکردنەوەی خۆراکە بەسەرچووەکانیان.
قایمقامی هەولێر لەبارەی کاتی دەوامی کوشتارگەکان لە رۆژانی جەژنی قوربان رایگەیاند: رۆژانە 12 کاتژمێر لە خزمەت هاووڵاتییان دان، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانی بۆ 18:00ـی ئێوارە کراوە دەبن و هاووڵاتییان دەتوانن ئاژەڵەکانیان بەرن بۆ قوربانیکردن.
نەبەز عەبدولحەمید داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری تیمەکانی قایمقامییەت بکەن و لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە و دەڵێت "ئەوە لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و خانەوادەکانیانە"
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.