ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزا کرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لەنێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیر کردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکوومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بە کۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.
هەر لەوبارەیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووری و یاسایی و داراییەکان ڕوون بکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە مینحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.
پاش گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان و سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت، ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.