Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 06:49

وەزارەتی تەندروستی پلانی رۆژانی جەژنی قوربانی بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان 20 رێنمایی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەڵێت؛ "دەبێ تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاو".

 

رۆژی چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بە مەبەستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز" بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان کاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانیان ئەنجام بدەن.

 

رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی 20 خاڵ لەخۆ دەگرێت و تیایدا تیشک خراوەتە سەر کردنەوەی دەرمانخانە و نۆرینگە و کۆگاکانی دەرمان و دووپات لەوە کراوەتەوە کە دەبێت؛ پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری پابەندبن.

 

هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەرمانی کردووە؛ نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن و دەشڵێت؛ "دەبێت سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت".

 

 

لە رێنماییەکەدا وەزارەت داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی دەکات سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن و تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی 122 بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

 

وەزارەتی تەندروستی فەرمانی بەکردنەوەی بانکەکانی خوێن لە رۆژانی جەژن کردووە و دەشڵێت؛ "تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤێتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێری مەرجە تەندروستیەکان بکەن".

 

لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان دەکات لە رۆژانی جەژندا و رایدەگەیەنێت؛ "دەبێت تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاو".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.