سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیدەکاتەوە، لە ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران بەردەوامبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
رۆژی سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025 ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمەریکا رازی بووە بەوەی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت، هاوکات رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە گواستبوویەوە کە تاران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی پێشنیازی فەرمی ئەمەریکا بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران رەت بکاتەوە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی کردە سەر کابینەی جۆ بایدن و رایگەیاند؛ "ئیتۆپن (مەکینەی واژۆکردن) دەبوایە زۆر لەمەوبەر رێگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئێران گرتبایە".
سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس نووسیویەتی؛ "لە ئەگەری رێککەوتنمان هەرگیز رێگە نادەین ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت".
چەند کاتژمێرێک بەر لەو نووسینەی ترەمپ، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردبوویەوە، لە پێشنیازە فەرمییەکەی ئەمەریکا بۆ ئێران رێگە بە تاران دراوە بەردەوامبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا.
ئەوە لەکاتێکدا مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ستیڤ ڤیتکۆف، سەرۆکی شاندنی دانوستانکاری ئەمەریکا دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت.
رۆژی دووشەممە 2ـی حوزەیران، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە؛ "پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە و تاران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی پێشنیازە فەرمییەکەی واشنتن رەتبکاتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.