Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 01:29

ڕاگەیاندراوی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كورستان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی هەنووكەیی تایبەت بە هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە خرایەڕوو: هەڵوێستى حزبە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەى رۆژی 31ى ئایار بەرز دەنرخێنین و داکۆکى دەکەین لە چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ڕەفتاری نادادپەروەرانە بەرامبەر بە مووچەخۆرانى کوردستان.

هەروەها ئەوەش خرایەڕوو: وەك پارتی هەوڵى ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانیمان بەردەوام هەبووە و هەوڵى جدیشمان داوە بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیەتییەکى کوردستانى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاق بۆ ئەوەى لە بەغدا وەکو پێکهاتەى کورد ڕۆڵێکى کاریگەرترمان هەبێت.

ئەمەی خوارەوە راگەیەنراوی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەكە:-

 بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ دوو شەممە 2ى حوزەیرانى 2025، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێ كرد، دواتر چەند پرسێکى گرنگ و هەنووکەیى شڕۆڤەکران و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

تەوەری یەكەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ؛ پارتیمان لە قۆناغى بەرەنگاربوونەوە و ڕووخاندنى ڕژێم و دواتریش لە بونیادنانى عێراقێکى نوێ کە تێیدا هەموو هاووڵاتییان هەست بە ئارامى و ئاسوودەیى بکەن و، بەگوێرەى دەستوور بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن، عێراقێک کە بەبى جیاوازى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى بۆ هەمووان بێت ڕۆڵى کاریگەرى هەبوو، سەرکردایەتى کوردستان بە بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بەشدارى دامەزراندنەوەى عێراقى نوێی کرد لەسەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى (شراکة، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنى عێڕاق لەلایەن هەموو پێکهاتەکانیەوە بەگوێرەى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ تەواوى خەڵکى عێراق کە ببێتە مایەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو نەهامەتى و وێرانییەى بەسەر عێراق بە گشتى و کوردستان بە تایبەتیدا هاتبوو. بەداخەوە دواى تێپەڕینى چەند ساڵێک بەسەر ڕووخانى ڕژێم، بەشێک لە دەسەڵاتدارانى بەغدا بە عەقڵیەتى دوور لە عەقڵیەتى فیدراڵى و بە ئاراستەى گێڕانەوە دەوڵەتى مەرکەزى و پشتکردن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکانى کە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدراون بۆ پێکهێنانى کابینە و گوشار خستنە سەر هەرێم بە هەموو شێوازێک و بەکارهێنانى کارتى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان هەنگاو دەنێن، کۆبوونەوە پەسەند و پاڵپشتى هەڵوێستى مەکتەبى سیاسى پارتیمانى کرد لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى کوردستان، هەروەها هەڵوێستى حزبە کوردستانییەکانى لە کۆبوونەوەى هاوبەشى ڕێکەوتى 31ى ئایارى 2025 بەرزنرخاند و، دواى ئەو ئاماژە ئەرێنیەى کە هەیە لەلایەن حکوومەتى فیدراڵى و دامەزراوەى قەزائى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە ئێمەش داکۆکى دەکەین لە چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتاییهێنان بەم شێوە ڕەفتارە نادادپەروەرانەیەى کە لەگەڵ بژێوى ژیانى فەرمانبەر و مووچەخۆرانى کوردستان دەکرێت.

تەوەری دووەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان؛ پارتیمان باوەڕى تەواوى بە فرە حزبى و لەگەڵیشیدا بە کارى هاوبەش و بەرپرسیاریەتى هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگایەوە هەوڵى ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانیمان بەردەوام هەبووە و هەوڵى جدیشمان دا بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیەتییەکى کوردستانى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاق بۆ ئەوەى لە بەغدا وەکو پێکهاتەى کورد ڕۆڵێکى کاریگەرترمان هەبێت، نەک وەکو ئەحزاب، بەڵام بەداخەوە پێشوازى لەو هەوڵەمان نەکرا و بێ ئەنجام بوو. دوا هەوڵیشمان بۆ کارى پێکەوەیى و دروستکردنى هاوڕایى بەرامبەر کێشە و ئاڵنگارییەکان ئەوەبوو کە داوامان لە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کرد و میوانداریمانکردن بۆ کۆبوونەوەیەکى هاوبەش کە بەسوپاسەوە بەشى هەرە زۆرى حزب و لایەنەکان ئامادەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن بوون هاوکات چەند لایەنێکیش دەستپێشخەریەکەیان قبووڵ نەکردین کە ئامانج لێى ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بوو لەبارەى بڕیارە نایاساییەکەى وەزارەتى دارایى حکوومەتى فیدراڵ سەبارە بە ماف و شایستە داراییەکانى مووچەخۆران بەتایبەتى و خەڵکى هەرێمى کوردستان بەگشتى، شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەى ناوبراو کۆبوونەوەیەکى باش و سەرکەوتوو بوو.

تەوەری سێیەم/ سەردان و کۆبوونەوەکانى بەرێز سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان؛ دواى گفتوگۆ و ڕونکردنەوەى ناوەرۆکى سەردانەکەى بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کۆبوونەوەکانى بەرێزیان لە گەڵ کەسایەتى و دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە بە کارێکى باش زانرا بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمەریکا، هەروەها ڕێککەوتنەکان لەسەر کێڵگەکانى گاز و نەوت کە لە چوارچێوەى مافە دەستوورى و یاساییەکانى هەرێمى کوردستان دان، بە سوودى بوژانەوەى ئابوورى هەرێمى کوردستان و عێراق زانران.

تەوەری چوارەم/ پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان؛ لیژنەى دانوستاندنەکانى پارتیمان زانیارى و ڕوونکردنەوەى پێویستى لەبارەى هەنگاوەکانى ئەو پرۆسەیە پێشکەشى کۆبوونەوە کرد، بەردەوامى هەنگاوەکانى لیژنەى ناوبراو بە مەبەستى پێکهێنانى کابینەى دەیەم بە زووترین کات بەپێوست زانرا.

تەوەری پێنجەم/ پرۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق؛ لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى پرۆسەى هەڵبژاردن تەواوى هەنگاو و ئامادەکاریەکانى کە کراون و پلان و بەرنامەى داهاتووى لیژنە و ئۆرگانەکانى پارتیمانى سەبارەت بەم پرۆسەیە خستە ڕوو، کۆبوونەوە پلان و هەوڵەکانى لیژنەى ناوبراوى بە گوێرەى ئەو خشتە زەمەنیەى کە دیاریکراوە بە پەسەند زانى.

 كومیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

2/6/2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.