بە سەتان هەزار ماسی لە زۆنگاوی ئیبن نەجم بەهۆی کەمی ئاو و نەمانی ئۆکسجین لەناوچوون و چالاکانی ژینگەش رووداوەکە بە کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لە عێراق وەسف دەکەن.
رۆژی دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکانی عێراق هەواڵی لەناوچوونی سەتان هەزار ماسییان لە زۆنگاوی ئیبن نەجم لە پارێزگای نەجەف بڵاوکردەوە و هۆشدارییان دا، ئەگەر فریای ماسییەکانی دیکە نەکەون، مەرگ چاوەڕێی سەتان هەزار ماسی دیکە دەکات.
زۆنگاوی ئیبن نەجم لە نێوان پارێزگاکانی نەجەف، بابل و دیوانییەیە و رووبەرەکەی نزیکەی 960 هەزار دۆنمە، چوار مانگ لەمەوبەر حکوومەتی عێراق بۆ ژیاندنەوەی ئەو زۆنگاوە، پرۆژەیەکی راگەیاند و لە رێگەی چەندین پەمپی گەورە، ئاوی لە رووبارەکانی دەوروبەرەوە هەڵدەدایە ناو زۆنگاوەکە.
هەر ئەوکات حکوومەت سەتان هەزار پەنجەماسی خستە ناو زۆنگاوەکە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، هەڵدانی ئاو بۆناو زۆنگاوی ئیبن نەجم وردە وردە کەمیکرد و ئەوەش وای کردووە رێژەی ئۆکسجین لەناو زۆنگاوەکە کەم ببێتەوە و سەتان هەزار ماسی لەناوبچن.
ئەبو زەینەلعابیدین، چالاکی ژینگەیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە؛ "ئەوان پەنجەماسییەکی یەکجار زۆریان خستە ناو زۆنگاوەکە و بە پەمپ ئاویان لە رووبارەکانەوە هەڵدایە ناوی، بەو نیازەی زۆنگاوی ئیبن نەجم بژێننەوە، بەڵام دوای چوار مانگ، وردە وردە ئاوهەڵدانەکەیان کەمکردەوە و بەشێکی زۆر لە ماسییەکان بەهۆی کەم ئاوی و نەمانی ئۆکسجین لەناوچوون".
ئەو چالاکڤانە دەڵیت؛ "ئەوەی ئێستا روودەدات، کارەساتێکی ژینگەیی بێدەنگە، لەبەر ئەوەی سەتان هەزار ماسی مردار بوونەتەوە و ئەوانی دیکەش لە چاوەڕوانی لەناوچووندان".
لەو پێوەندییەدا جەمال عەبد زەید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگای نەجەف دەڵێت، تیمێکی پسپۆڕمان ناردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە دۆخی زۆنگاوەکە بکەن و هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان دەستنیشان بکەن، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە هاوکاری تیمەکە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.