Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 14:55

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 50ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پیرۆزبایی لەو حیزبە دەکات و دەڵیت؛ لەم یاده‌دا بە ڕێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئه‌و شەهید و تێکۆشەرانه‌ بەبیر دەهێنینەوە.

رۆژی یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ پته‌وکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاته‌کانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سڵاو و ڕێز..

له‌ یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و يۆبيلى زێڕينى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گه‌رمترين پيرۆزبايى پێشكه‌ش به‌ بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتيی نيشتمانيى كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

لەم یاده‌دا بە ڕێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئه‌و شەهید و تێکۆشەرانه‌ بەبیر دەهێنینەوە کە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانیيان بۆ ئازادى داوه‌‌. كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى يه‌كێتى، شایستەی ڕێز و پێزانینە.

جەخت لە ئاماده‌يى و ڕۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسه‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌ينه‌وه‌. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پته‌وکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاته‌کانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ کارکردنی هاوبەش له‌پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.