یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئەمڕۆ یەكشەممە بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ چاڤی ئەڵۆنسۆی راگەیاند كە تا ساڵی 2028 راهێنەرایەتی یانەكە دەكات لە شوێنی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی.
بەگوێرەی زانیارییەكان، مووچەی ساڵانەی ئەڵۆنسۆ لە یانەی ریال مەدرید 8 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، واتە كەمتر دەبێت لە مووچەكەی ئەنچیلۆتی كە ساڵانە 11 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت.
ئەڵۆنسۆ بەفەرمی لە رۆژی 1ی مانگی داهاتوو دەستبەكار دەبێت، واتە لە پاڵەوانیەتی جامی جیهانی یانەكان راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید دەكات كە بڕیارە رۆژی 15ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
گرێبەستەكەی ئەڵۆنسۆ لەگەڵ یانەی شاهانە بۆ ماوەی سێ وەرزی یاریكردن دەبێت و تا هاوینی ساڵی 2028.
ئەڵۆنسۆ پێشتر یەكێك بووە لە ئەستێرەكانی یانەی ریال مەدرید و لەنێوان ساڵانی 2009 تا 2014 لە ریزی یانەكەدا وەك یاریزان یاریی كردووە.
چاوەڕوان دەكرێت سبەی دووشەممە ئەڵۆنسۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ببەستێت و بەفەرمی پێشكەشی رۆژنامەنووسان و هەوادارانی یانەی ریال مەدرید بكرێت.
ئەڵۆنسۆ لە وەرزی 2018-2019 راهێنەرایەتی تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی ریال مەدریدی كردووە، ماوەی سێ وەرزیشە راهێنەری تیپی یەكەمی یانەی بایەرلێڤەركوزنی ئەڵمانییە و لەو ماوەیەشدا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ تیپەكە پێشكەشكردووە، لە ماوەی ئەو سێ وەرزەدا خول و جام و جامی سوپەری ئەڵمانی بۆ یانەكە بەدەستهێناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.