کۆمیسیاریی ئابووری یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا هاوڕاین کە دەبێت پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر بنەمای "رێزگرتن" بێت نەک "هەڕەشە" و "چاو سوورکردنەوە".
رۆژی شەممە 24ـی ئایاری 2025 ماروش شیفچۆڤیچ، کۆمیسیاریی ئابووری یەکێتیی ئەوروپا لە وەڵامی هەڕەشەی زیادکردنی پێناسی گومرگی 50٪ـی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە رایگەیاند؛ "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێت نەک هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە لە یەکتر".
کۆمیسیاریی ئابووری یەکێتیی ئەوروپا دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاڤارد لاتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیان؛ "یەکێتی ئەوروپا چالاکانە لە هەوڵدایە بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا کە بۆ هەردوو لامان سودی هەبێت".
لە بەرامبەر هەڕەشەی زیادکردنی پێناسی گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، ماروش شیفچۆڤیچ گوتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا بێوێنەیە و دەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت نەک هەڕەشەکردن، بۆیە ئێمە ئامادەین بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین".
رۆژی هەینی 23ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ بێهیوایی خۆی لە دانوستانە ئابوورییەکانی نێوان ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا پێشاندا و رایگەیاند، "زیادکردنی پێناسی گومرگی ئەمەریکا لەسەر ئەوروپا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، ئەو بەدوای رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپاوە نییە و خۆی مەرجەکانی دیاریی کردووە بۆ ئەوەی ئەوروپا قبوڵیان بکات و گوتیشی؛ "ئەگەر کۆمپانیایەکی گەورەی ئەوروپا بێت و لە ئەمەریکادا وەبەرهێنان بکات، زیادکردنی پێناسە گومرگییەکە دوادەخەم".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.