بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی 22 وڵاتی عەرەبی 34ـەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
کاتژمێر 10ـی بەیانی رۆژی شەممە 17ـی ئایاری 2025 34ـەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی 22 وڵاتی عەرەبی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین سەرکردەی جیهانی دەست بە کارەکانی دەکات.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریای کردبوو، ئەوە بووە هۆی ناکۆکی نێو ماڵی شیعە و چەندین سەرکردەی شیعەی عێراقی دژایەتیی بەشداریکردنی سەرۆککۆماری سووریایان کرد و دواجار ئەحمەد شەرع بڕیاریدا بەشداریی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا نەکات.
لەبەر ئەوەی پرسی سووریا یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی کۆمکاری عەرەبییە لە بەغدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا شەوی رابردوو بۆ بەشداریکردن لەو لوتکەیە گەیشتە بەغدا و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند؛ "هیواداری عێراق و وڵاتانی عەرەبی بە هەموو جۆرێک پشتیوانیمان لێ بکەن و لە لووتکەکەشدا باس لە گرنگی کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی لە سووریا دەکەین".
بەگوێرەی بەرنامەی کاری لوتکەکە، پرسەکانی شەڕی غەزە، هاوکاریکردنی لوبنان و دۆخی سووریا لە 34ـەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا تاوتوێ دەکرێت، پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە نیازیان هەیە سندووقێک بۆ هاوکاریکردنی لوبنان و غەزە دابنێن.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی شا عەبدوڵا، شای ئوردن بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا راگەیاندووە و گوتەبێژی حکوومەتی عێراقیش باسی لەوە کردووە کە بڕیارە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ بەشداریکردنی لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بچێتە بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.