بانکی جیهانی رایگەیاند، سعوودیە و قەتەر بڕی 15.5 ملیۆن دۆلار قەرزی کەڵەکەبووی سووریایان دایەوە و ئێستا سووریا مافی ئەوەی هەیە قەرزی نوێ بۆ بنیاتنانەوەی وڵات و کورتهێنانی بودجە وەربگرێت.
رۆژی شەممە 17ـی ئایاری 2025 بانکی جیهانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە؛ لە رۆژی 16ـی ئایارەوە سووریا هیچ قەرزێکی دواکەوتووی لای ئەنجوومەنی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کە سندوقی بانکی جیهانییە بۆ وڵاتە هەژارەکان، نەماوە.
سعوودیە و قەتەر مانگی نیسان رایانگەیاند ئامادەن قەرزە کەڵەکەبووەکانی سووریا لە بانکی جیهانی بدەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بتوانێت پارە لەو بانکە قەرز بکات بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە.
لە راگەیەنراوەکەی بانکی جیهانیدا هاتووە؛ "سووریا دوای چەندین ساڵ شەڕ و وێرانکاری، ئێستا بەرەو پەرەسەندن و ئاوەدانی هەنگاو دەنێت و یەکەم پرۆژەمان لەگەڵ دیمەشق بۆ رێکخستنەوە و بنیاتنانەوەی کارەبای ئەو وڵاتە دەبێت".
دۆناڵد ترەمپ، لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ریازی پایتەختی سعوودیە رایگەیاند کە سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی 2011ـەوە کۆمەڵێک سزای ئابووری خستە سەر رژێمی بەشار ئەسەد و لەبارەی هۆکاری سزادانەکەی رایگەیاند، رژێمی ئەسەد دەستی داوەتە کوشتن و قڕکردنی خەڵکی مەدەنی وڵاتەکەی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.