یەکەم دانوستانی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دوای سێ ساڵ لە شەڕی ئەو دوو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو و رێککەوتن هەر لایەنێک هەزار ئەسیری شەڕ ئازاد بکات، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش دەڵێت، رووسیا کۆمەڵێک "داواکاری و پێشمەرجی قبوڵنەکراوی خستووەتە بەردەم ئۆکراینا".
رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025، رۆستەم مەعرووف، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا کە هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستابنکاری وڵاتەکەیەتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا، رایگەیاند؛ "هەردوو لا رێککەوتنی ئاڵوگۆڕ بە هەزار دیلی یەکتر بکەین".
یەکەم دانوستانی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینە بۆ ئاشتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو و بڕیار بوو کۆبوونەوەکە لە نێوان پوتین و زلینسکی بەڕێوەبچێت، بەڵام کرێملن رایگەیاند کە پوتین لە ئێستادا لەو کۆبوونەوەیە بەشداری ناکات و شاندێک بە نوێنەرایەتی سەرۆکی رووسیا دەچێتە تورکیا بۆ دانوستانکردن.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ڤیدیۆ کۆنفرانسێک لە نێوان سەرۆکی وڵاتانی ئەمەریکا، ئۆکراینا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا و بریتانیا لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکە بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسەدا زلینسکی رووسیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە کۆمەڵیک مەرجی بۆ راگرتنی شەڕ داوەتە ئۆکراینا، کە "جێگەی قبوڵکردن نین".
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری یەکێک لە ئەندامانی شاندی دانوستانکاری ئۆکراینا گواستوویەتەوە؛ "رووسیا داوای لە ئۆکراینا کردووە هێزەکانی لە بەشێکی گەورە لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی رازی بێت بە ئاگربەست".
کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "سەرکردەکانی ئەوروپا و دۆناڵد ترەمپ سوورن لەسەر ئەوەی، رووسیا کۆمەڵێک مەرج و داواکاری قبوڵنەکراوی بۆ راگرتنی شەڕ خستووەتە روو".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی؛ "ئێمە ئێستا خەریکین هەڵوێستەکانمان یەکدەخەین و بەم نزیکانە کاردانەوەی هاوبەشی نێوانمان دەخەینە روو".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.