Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:18

سوودانی بۆ سەربازانی عێراق لە پاکستان: بە زووترین کات بگەڕێنەوە

کوردستان TV
100%

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکانی هیندستان و پاکستان بڕیاری بەپەلە گەڕاندنەوەی ئەو سەربازە عێراقییانە دەدات کە بۆ مەشق و راهێنان براونەتە پاکستان.

 

رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاری بەپەلەی بۆ گەڕاندنەوەی 500 ئەفسەر و پلەداری عێراقی دەرکردووە کە بۆ مەشق و راهێنان براونەتە پاکستان.

 

لە راگەیەنراوێکدا کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە؛ "بەهۆی دۆخی نالەباری پاکستان لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی سەربازانی عێراقی بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازانەمان دا کە بۆ راهێنان لە پاکستانن".

 

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە؛ وەزارەتی بەرگریی عێراق راسپێردراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو هێزانە بگەڕێندرێنەوە عێراق.

 

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو هیندستان نۆ ناوچەی لەناو خاکی پاکستان کردە ئامانج و هۆکاری هێرشەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەڵکوتانەسەری گرووپێکی چەکداریی بۆ سەر کۆمەڵێک گەشتیاری هیندستانی لە کەشمیر کە بەهۆیەوە 26 گەشتیار گیانیان لەدەستدا، هەرچەند پاکستان رەتی کردەوە کە دەستی هەبووبێت لەو هێرشە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک تۆڵەسەندنەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان بە ئامانجگرتنی چەند بنکەیەکی سەربازیی لە هیندستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئەو هێرشانە ئامانجدار و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە بێ بنەمایەیە کە چوارشەممەی رابردوو هیندستان کردییە سەر خاکەکەمان".

 

بەهۆی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستان کە هەردووکیان خاوەن چەکی ئەتۆمن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 52 کەس لە هەردوو لا کوژراون و زیاتر لە 120 کەسی دیکە بریندار بوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.