سبەی شەممە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەریەك لە وڵاتانی سعوودییە و قەتەڕ دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە بڕیارە هەر لە هەفتەی داهاتوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی كردەوە: سبەی شەممە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگاتە ریاز و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودییە كۆ دەبێتەوە.
هەروەها بڵاوی كردۆتەوە: دواتر بۆ شەوەكەی، عێراقچی دەگاتە دۆحە و چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەوێت، دواتریش بەشداری لە كۆڕبەندی گفتوگۆی ئێران و عەرەبی دەكات.
بڕیارە كۆتایی هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات، لەم سەردانەدا كە بڕیارە 13 بۆ 16ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، ترەمپ سەردانی هەریەك لە وڵاتانی سعوودییە، ئیماڕات و قەتەڕ دەكات.
سەرۆكی ئەمەریكا رۆژی سێشەممەی رابردوو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی، پێش ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راگەیەنراوێكی زۆر گەورە و گرینگیان دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.